1 دوای شەش ڕۆژ، عیسا بە تەنها پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای برای لەگەڵ خۆی برد و بۆ سەر چیایەکی بەرز ڕێبەریی کردن. 2 پاشان لەپێشیان شێوەی گۆڕا، ڕووی وەک ڕۆژ دەدرەوشایەوە و جلەکانی وەک ڕووناکی سپی هەڵگەڕان. 3 لەناکاو موسا و ئەلیاسیان بۆ دەرکەوت و لەگەڵ عیسادا کەوتنە گفتوگۆ.
4 ئینجا پەترۆس بە عیسای گوت: «گەورەم، پێمان باشە لێرە بین. ئەگەر حەز دەکەیت لێرە سێ کەپر دروستدەکەم، یەکێک بۆ تۆ و یەکێک بۆ موسا و یەکێکیش بۆ ئەلیاس.»
5 کاتێک قسەی دەکرد، هەورێکی ڕۆشن باڵی بەسەریاندا کێشا و دەنگێک لە هەورەکەوە فەرمووی: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، ئەوەی پێی دڵشادم. گوێی لێ بگرن!»
6 کاتێک قوتابییەکان گوێیان لەو دەنگە بوو، بەدەمدا کەوتن، زۆر ترسان. 7 بەڵام عیسا هات، دەستی لێدان و فەرمووی: «هەستن، مەترسن!» 8 ئینجا چاویان هەڵبڕی و لە عیسا زیاتر کەسیان نەبینی.
9 کاتێک لە چیاکە دەهاتنە خوارەوە، عیسا فەرمانی پێدان و فەرمووی: «ئەمەی بینیتان بە کەسی مەڵێن، هەتا کوڕی مرۆڤ لەناو مردووان هەڵدەستێنرێتەوە.»
10 قوتابییەکانی لێیان پرسی: «باشە بۆچی مامۆستایانی تەورات دەڵێن دەبێت یەکەم جار ئەلیاس بێت؟»
11 عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستە، ئەلیاس دێت و هەموو شتێک ڕێک دەخاتەوە. 12 بەڵام پێتان دەڵێم: ئەلیاس هات و نەیانناسی، چییان ویست پێیان کرد. هەروەها کوڕی مرۆڤیش بە دەستیانەوە ئازار دەچێژێت.» 13 ئەوسا قوتابییەکان تێگەیشتن کە باسی یەحیای لەئاوهەڵکێشی بۆ کردن.
14 کاتێک گەیشتنە لای خەڵکەکە، کابرایەک هات و لەبەردەمی چۆکی دادا و 15 گوتی: «گەورەم، بەزەییت بە کوڕەکەمدا بێتەوە، فێدارە و ئازارێکی زۆر دەچێژێت. زۆر جار دەکەوێتە ناو ئاگر و زۆر جاریش ناو ئاوەوە. 16 هێنامە لای قوتابییەکانت، بەڵام نەیانتوانی چاکی بکەنەوە.»
17 جا عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ و خوار، هەتا کەی لەگەڵتان بم؟ هەتا کەی بەرگەتان بگرم؟ ئەو کوڕە بهێننە ئێرە بۆ لام.» 18 عیسا لە ڕۆحە پیسەکەی ڕاخوڕی و لە کوڕەکە هاتە دەرەوە، لەو کاتەوە کوڕەکە چاک بووەوە.
19 پاشان قوتابییەکان بە تەنها هاتنە لای عیسا و گوتیان: «بۆچی ئێمە نەمانتوانی دەریبکەین؟»
20 ئەویش پێی فەرموون: «لەبەر کەمی باوەڕتان. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر ئەوەندەی دەنکە خەرتەلەیەک باوەڕتان هەبێ، بەو کێوە دەڵێن ”لەوێ بڕۆ،“ دەڕوات و هیچ شتێک بۆتان مەحاڵ نابێت. ⌟ 21 بەڵام ئەم جۆرە ڕۆحانە دەرناکرێن، بە نوێژ و ڕۆژوو نەبێت.⌞»
22 کاتێک قوتابییەکان لە جەلیل کۆبوونەوە، عیسا پێی فەرموون: «کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست خەڵک و 23 دەیکوژن، لە ڕۆژی سێیەم هەڵدەستێنرێتەوە.» قوتابییەکانیش بەمە زۆر دڵگران بوون.
24 کاتێک عیسا و قوتابییەکانی گەیشتنە کەفەرناحوم، باجگرانی دوو درهەمەکەی پەرستگا[a] هاتنە لای پەترۆس و گوتیان: «ئەرێ مامۆستاکەتان باجی پەرستگا نادات؟»
25 گوتی: «بەڵێ.»
26 پەترۆس گوتی: «لە بیانی.»